١٢ ئایار ٢٠٢٥ - ٢٣:٣٥
Source: Mehrnews
چەک داماڵینی پەکەکە و کاریگەریی لەسەر بەغدا و هەولێر

ئەگەری چەک داماڵینی پەکەکە، خاڵێکی وەرچەرخان لە پێکدادانەکانی چەند ساڵی ئەو گرووپە لەگەڵ تورکیایە و ئاسەواری ژێئۆپۆلیتیکی گرنگی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەدواوە دەبێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەواڵ لەوانە میدل ئیست ئای باس لە ئەوە دەکات کە پەکەکە بەزوویی کۆتایی شەڕی چەکدارانە لە دژی دەوڵەتی تورکیا ڕادەگەیێنێت؛ هەوڵێک کە لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری بەندکراوی ئەو گرووپە ئەنجام دەدرێت.


لە حاڵێکدا کە چاوەکان لەسەر بەرەوپێش چوونی ئەو گۆڕانکارییەیە، یەکێک لە گرینگترین پرسیارەکان داهاتووی ئەندامانی پەکەکە لە چیای قەندیلە.

داواکارییەکەی ئەم دواییەی ئۆجالان، کە گۆڕانێکی بنەڕەتی لە کێشەکانی نێوان پەکەکە و تورکیا دێتە ئەژمار، دەتوانێت پێوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە، هەولێر و بەغدا تووشی گۆڕان بکات و لەوانە ببێتە هۆی داخرانی یەکێک لە پڕ کێشەترین دۆسیە ناوچەییەکان.

گۆڕینی هاوکێشەکان دوای گۆڕانکارییە گەورە ناوچەییەکان

ئەو گۆڕانە ژێئۆپۆلیتیکیە دوای دوو گۆڕانکاری سەرەکی لە ناوچەکە ڕووی داوە؛ شەڕی ئیسرائیل لە دژی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023 و ڕووخانی بەشار ئەسەد لە سووریا . ئەو ڕووداوانە تورکیاشی بەرەو پێداچوونەوە لە سیاسەتەکانی خۆی هەمبەر پەکەکە هان دا بەڵام ئەوە بۆ عێراقیش گرینگایەتی زۆری هەیە.


ئۆپراسیۆنی دەرەوەی سنووری تورکیا و هەستیاری بەغدا

دەوڵەتی عێراق بەردەوام خۆی بواردووە لە لەئەستۆ گرتنی بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆ هەمبەر پەکەکە و ئەوەی پرسێکی نێوان هەولێر و ئەنقەرە زانیوە. لە ساڵانی دواییدا، تورکیا بە گرتنە پێشی ستراتیژی لەناوبردنی تیرۆریزم لە بنەڕەتەوە، ئۆپراسیۆنی ئاسمانی خپیی لە ناوچەکانی سلێمانی و شەنگال پەرەپێداوە و دەیان بنکەی سەربازیی لە خاکی عێراق کردووەتەوە، هەوڵگەلێک کە لەگەڵ کاردانەوەی توندی بەغدا بەرەوڕوو بووەتەوە.

قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕایگەیاندووە کە دوای چارەسەری پرسی پەکەکە، سەرجەم گرووپە چەکدارەکان و هێزە دەرەییەکان ئەبێ خاکی عێراق بەجێ بهێڵن.

کاریگەری ئابووری و سیاسی لەسەر هەرێمی کوردستان

چەک داماڵینی پەکەکە دەتوانێت هەواڵێکی خۆش بۆ ئابووری عێراق بێت. ئەو گرووپە پێشتر ژێرخانگەلێک وەکوو هێڵی بۆری نەوتی کردووەتە ئامانج و هەڕەشەیەک بۆ سەر پڕۆژەی ڕێگای گەشەی نێوان عێراق و تورکیا دەهاتە ئەژمار. پێوەندی بازرگانی نێوان دوو وڵاتەکە ئێستا گەییشتووەتە سنووری 20 ملیار دۆلار و نەمانی هەڕەشەی پەکەکە دەتوانێت ئەو ڕەوتە بەهێزتر بکاتەوە.

پەکەکە لە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی دواییدا بووبووە هۆکاری ڕووخێنەر؛ داگیرکردنی سەدان گوند و پێکدادانی چەکدارانە لەگەڵ پێشمەرگە، لەو خەسارە دەروونی و داراییانەیە کە ڕێبەرانی هەرێم تووشی بوون. هەروەها هەڵوێستی دوژمنانەی پەکەکە هەمبەر پارتی دیمۆکرات و هاوکاریی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی بووبووە هۆی چڕ بوونەوەی درزە نێوخۆییەکان لە هەرێم.

چەک داماڵینی پەکەکە دەتوانێت کەشێکی نوێ بۆ نزیک بوونەوەی دوو حزبی پارتی و یەکێتی بهێنێتە ئاراوە و ببێتە هۆی باشتر بوونی پێوەندی نێوان ئەنقەرە و سلێمانیش.

داهاتووی کوردەکان و نەبوونی چەمکی سەربەخۆیی

خاڵی گرینگ ئەوەیە کە لە بانگهێشتەکەی ئۆجالان بۆ دانانی چەک، هیچ ئاماژەیەکی نەداوەتە سەر سەربەخۆیی کوردەکان. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دژایەتی تورکیا لەگەڵ گشت پرسی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017ش هەمان نیگەرانی لە پەرەسەندن خواستی جودایی خوازانە لە نێوخۆی تورکیا بوو.

بەم حاڵەوە، ڕەوتی چەک داماڵینی پەکەکە دەتوانێت بەستێنی گفتوگۆ لە نێوان لایەنە کوردییەکان لە سووریا و عێراق خۆش بکات و شوینگەی پارتی دیمۆکرات لە بواری نیشتمان پەروەری لە کورت خایەندا تۆکمە بکاتەوە. بەڵام لە درێژخایەندا، بە پێی دژایەتییە ئیدئۆلۆژیکەکان قووڵایی نێوان پارتی دیمۆکرات و پەکەکە ڕکابەری نێوانیان هەر درێژەی دەبێت.

بە گشتی کۆتایی چالاکی سەربازی پەکەکە بەستێن بۆ کەم کردنەوەی ئاڵۆزییە نێوخۆییەکان لە هەریم، باشتر بوونی پێوەندی نێوان بەغدا و ئەنقەرە و گۆڕانی هاوکێشەی دەسەڵات لە عێراق خۆش دەکات. هەرچەندە درزی مێژوویی و کێبڕکێیە ناوچەییەکان هەروا ڕۆڵی دیاری کەریان لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوو دەبێت.

Your Comment

You are replying to: .
captcha